KOORD
 

زاخاوی مێشک

 
 


خوا خێری ماڵپه‌ڕی بیره‌وه‌ری بدا!  ئه‌و ماوه‌یه به هۆی سه‌قاڵی که‌متر بۆم ده‌کرێ شتێک بنوسم، جارێ قسه‌خۆشه‌کان و بیره‌وه‌ریه‌کانی ئه‌و ماڵپه‌ڕه وه هانام هاتوون. (به‌و هیوایه ئێوه‌ش شتێک بنوسن و بۆم بنێرن!!!) له باسێکدا هاتووه:

 

میکرۆب

یه‌کێک له ئه‌رکه‌کانی سه‌ر شانی پێشمه‌رگه، بردنه سه‌ری زانستی خه‌ڵک له سه‌ر هۆی نه‌خۆشیه‌کان و چۆنیه‌تی به‌ردنه‌ سه‌ری بێهداشت له دێهاته‌کان بوو. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته له‌و دێهاتانه‌ی وا مه‌قه‌ڕیان لێ بوو، بۆ خه‌ڵک کۆبوونه‌وه ده‌کرا و له سه‌ر پێویستی پاک‌بوونی ئاوی خواردنه‌وه پێیان داده‌گرت و هه‌وڵیان ده‌دا سیسته‌مێکی باشتریش بۆ ده‌رکردنی ئاوی مسته‌راحه‌کان دامه‌زرێنن، به تایبه‌ت له‌و دێهاتانه‌ی وا له شاره‌وه دوور بوون.
ئه‌مه له ئاوایی '' ئاغوه‌تمان" روویی‌دا. ئاغوه‌تمان له نزیک تورجان و سه‌ر به ناوچه‌ی بۆکان بوو و به حاڵه حاڵ ماشێن ده‌گه‌یشته ئه‌و دێیه. چۆمێک به په‌نای ئاوایی‌دا تێپه‌ر ده‌بوو. له وه‌رزی به‌هاریش‌دا زۆری ده‌کردو  ده‌بوه هۆی لافاو و که‌ل و په‌لی ماڵه‌کان و ته‌نانه‌ت چه‌ند حه‌یوانێکی دیهاته‌کانی سه‌رتره‌وه‌ی له گه‌ڵ خۆ ده‌هێنا، ده‌یتلاندن و به به‌ر چاوی ئێمه‌دا به‌ره‌و خواری ده‌بردن.
ئه‌و چۆمه ئه‌و هه‌موه دێهاته‌ی دیکه‌ی به سه‌ره‌وه بوو، به‌ڵام  به سه‌ر ئه‌مه‌شه‌وه خه‌ڵک له ئاوی ئه‌و چۆمه‌یان ده‌خوارده‌وه و بۆ لێنانی چایی و خواردنیش که‌ڵکیان لێ وه‌رده‌گرت.
له قسه‌و باسێک بۆ پیاوانی ئاوایی سه‌باره‌ت به خواردنه‌وه‌ی ئاوی چۆمه‌که، پێشمه‌رگه‌ی به‌رپرس له قسه‌وباسێک‌دا، باسی میکرۆبی کرد و  شیی کرده‌وه که ئاوی ئه‌و چۆمه میکرۆبی هه‌یه و بۆیه خواردنه‌وه‌ی ئاوی ئه‌و چۆمه زیان به سڵامه‌تی مرۆڤ ده‌گه‌یێنێ.
یه‌کێک له پیاوه‌کان پرسیاری کرد
:
_'' میکرۆب چیه ؟.''
_ '' میکرۆب زۆر چکۆله‌یه، به چاو نابینرێت. بۆ دیتنی ده‌بێ میکرۆسکۆپ به‌کار بهێنرێت.''
ئه‌و پیاوه‌ی ئاوایی که زۆر به سیره‌وه ئه‌یروانیه ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه و دیار بوو له چکۆله‌ بوونی میکرۆب سه‌ری سوورمابوو، وتی:
_'' کوڕه کاکه ئه‌و چۆمه‌ی ئێمه گا ئه‌تلێنێ، میکرۆب چیه بێ‌قه‌زابی''.