KOORD
 

زاخاوی مێشک

 
 


به‌شیر موشیر له به‌غدا خه‌یاتی هه‌بو و ڕۆشنبیر و نوسه‌ر و شاعیر سه‌ردانی دوکانه‌که‌یان ده‌کرد. له‌و ڕێگه‌وه پێیان ده‌گوت مامۆستا به‌شیر موشیر. وته‌یه‌کی به ناوبانگی ئه‌وه بووه که "تۆ بینوسه و من ته‌ئلیفی ده‌که‌م!!"
مامۆستا عه‌لاءالدین سه‌ججادی ده‌گێڕێته‌وه:
دوکانه‌که‌ی بڕه‌وی جارانی نه‌بو. هیچ ئیش و کاری نه‌ما، هه‌ر مایه‌وه سه‌ر دوکانه روته‌که‌ی!
ده‌رده‌دڵی ئه‌م بێ ئیشی و کاریه‌ی له لای ساڵح قازی ئه‌کرد. ئه‌ویش به‌ینێک خستبویه سه‌ر ئه‌وه که ئیشێکی باشی بۆ دۆزیوه‌ته‌وه. له ئه‌نجاما هاته سه‌ر ئه‌وه پێی وت:
هه‌شت که‌ر له‌م که‌ره سپیانه بکڕه، هه‌مو ڕۆژێ له "باب الموعه‌زه‌مه‌وه" تا "باب الشه‌رجی" به چه‌ند کاروان خه‌ڵکی سوار که و هات و چۆیان پێ بکه ، ئه‌مه ده‌رامه‌تێکی باشت ئه‌داتێ.
وه‌ستا به‌شیر باوه‌ڕی به‌و قسه‌یه کردبو وتی :ئاخر پاره‌م نی‌یه . ساڵح ئه‌فه‌ندی وتی: که‌واته ئیشێکی باشترت بۆ ئه‌دۆزمه‌وه. زۆر به تانو پۆی ئیشه‌که‌دا چو، به ته‌واوی وه‌ستا به‌شیری خسته مه‌راقه‌وه، هه‌ر ئه‌یوت پێم بڵێ.له ئه‌نجاما ساڵح له‌سه‌رخۆ پێی وت:"خه‌یاتی بکه!" به‌شیر توڕه بو وتی:"ڕاست نه‌بیه‌وه بۆ ئیشێ بۆت دۆزیمه‌وه، ئه‌ی ئێستا چی ئه‌که‌م؟!"
ساڵح وتی:"مردوت مرێ، هه‌مو ئیشێک ئه‌که‌ی هه‌ر خه‌یاتی نه‌بێ، کتێب ئه‌نوسی نوسه‌ر نیت، سیاسه‌ت ئه‌که‌ی سیاسی نیت، خوتبه ئه‌ده‌ی خه‌تیب نیت، فه‌لسه‌فه ئه‌‌نوێنی فه‌یله‌سوف نیت، ئه‌وه ئه‌ڵێم کاروانچێتی بکه، ئه‌ڵێی پاره‌م پێ نی‌یه، تۆ خه‌یاتیت، ئه‌بێ خه‌یاتی خۆت بکه‌ی!!"