KOORD
 

زاخاوی مێشک

 
 


له ڕشته‌ی مرواریدا هاتووه:
کابرایه‌ک ماڵی له "بێستانسور" و ماڵی براکه‌شی له "سه‌ی‌سادق" بو. مانگی ڕه‌مه‌زان ڕۆژێک توشی براکه‌ی ئه‌بێ لێ ئه‌پرسێ ئه‌ڵێ : کاکه ئێوه که‌ی ڕۆژوتان گرتوه؟ ئه‌ڵێ ڕۆژی "جمعه". له‌گه‌ڵ ئه‌وه ئه‌مان ڕۆژی شه‌نبه به‌ڕۆژو بوبون. ئه‌و ڕۆژه که بیست و نۆی مانگی خۆیان ئه‌بێ ئه‌ڵێ به‌خوا سبه‌ینێ له ماڵی کاکه‌م جێژنه. با بچم له‌وێ پڵاو بخۆم و سبه‌ی شه‌و بێمه‌وه، دوسبه‌ی له ماڵی خۆشمان جه‌ژنه دیسان پڵاو ئه‌خۆم.
هه‌ی پێ لێ ئه‌کاو ئه‌ڕوا له‌گه‌ڵ شه‌به‌قی به‌یان ئه‌گاته ماڵی کاکی، سه‌یر ئه‌کا هیچ مه‌نجه‌ڵ و دوکه‌ڵ دیار نیه. ئه‌پرسێ ئه‌ڵێ: خۆ ئیمڕۆ ئێوه جێژنتانه، بۆچی هیچتان دیار نیه؟  کاکه‌ی ئه‌ڵێ: به‌خوا براکه، ئێمه دوێنێ جه‌ژنمان کرد! چار ناچار کابرا قاوه‌‌ڵتی به نان و دۆ ئه‌کا.
وه‌ختی عه‌سر ئه‌ڵێ وا چاکه خۆم بگه‌ینمه‌وه لای خۆمان. داوێنی لێ به‌لادا ئه‌کا نیوه‌شه‌و ئه‌گاته‌وه ماڵ، ژنه‌که‌ی له خه‌و خه‌به‌ر ئه‌کاته‌وه ئه‌ڵێ :"کچێ ئیمشه‌و جه‌ژنه هه‌ڵسه هه‌ر له ئێستاکه‌وه پڵاوه‌که لێ نێ!"
ژنه ئه‌ڵێ : مێرده‌که هه‌ر دوێنێ له دوای تۆ مه‌لایه‌ک هات، فه‌رموی ئیمرۆ جێژنه، ئیتر هه‌مو ئاوایی کردیان به جێژن و منیش دوێنێ پڵاوم کرد، به‌ڵام وام زانی سندان ئه‌خۆم به‌بێ تۆ!. کابرا هه‌ناسه‌یه‌کی هه‌ڵکێشاو به‌م جۆره له هه‌ر دو جه‌ژنه‌که بو!