KOORD
 

زاخاوی مێشک

 
 


با هه‌ر باسی ئیرشادی ئیسلامی بێ!
گۆرانی "ئامینێ تۆ گوڵه‌که‌می" سه‌ید محه‌ممه‌دی سه‌فایی، ئاهه‌نگێکی جوانی بو به‌ڵام شێعره‌کانی روی مه‌جلیسی نه‌بون!!! قۆڵم لێ هه‌ڵماڵی و کردمه: "چه‌ند خۆشه به‌زمی ئێواران ..."  و هه‌موی به‌نده‌کانی  فۆلکلۆرم بۆ هه‌لبژاردن. ده‌ستم له سه‌ربه‌ندی "ئامینێ تۆ گوڵه‌که‌می" وه‌رنه‌دا. له ئیڕشاد، خه‌تی سوری به‌سه‌ر دا کێشا و وتیان "ئامینێ" مه‌ڵێ و "عه‌زیزم" بڵێ!!
کاکی هونه‌رمه‌ندیشم ده‌گه‌ڵ بو. چوینه لای ڕه‌ییسی ئه‌و به‌شه. هۆنراوه‌مان کرده فارسی و دامانه ده‌ستی. سه‌یرێکی کرد و وتی:"ئامینێ بگۆڕن".
کاکی هونه‌رمه‌ند وتی:"هه‌ر وا که جاری پێشو بۆ گۆرانی "فاتمه" باسم کرد، ناوه‌کانی فاتمه و ئامینه بۆ کوردان زۆر پیرۆزه!!!".
زۆرم پێ سه‌یر بو. قه‌ت شتی وام نه‌بیستبو. به سه‌رسوڕمانه‌وه چاوێکم لێ کرد و ئه‌ویش درێژه‌ی به قسه‌که‌ی دا:
" ئه‌م ناوانه له ڕوداوێکی کۆن سه‌رچاوه ده‌گرێ. چه‌ند سه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، دو ژنی بیانی هاتونه‌ته کوردستان. زۆر زو شه‌یدای ئاو و هه‌وا و سروشت و خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه بوون. بڕیار ده‌ده‌ن بمێننه‌وه و ببنه موسوڵمان و ناوه‌کانیشیان به "فاتم" و "ئامینێ" گۆڕیوه.ئه‌مانه به کرده‌وه‌ی باش و خزمه‌تی خه‌ڵک کردن، خۆشه‌ویستیه‌کی وا بۆخۆیان ساز ده‌که‌ن که ناوه‌کانیان له گۆرانی کوردی دا جێ خۆی کردۆته‌وه و زۆر له شاعیران و هونه‌رمه‌ندان به‌وانیان هه‌ڵگوتووه."
واقم وڕ ما. خوایه گۆرانی فاتمه هۆنراوه‌ی "ئه‌حمه‌د هه‌ردی‌یه" و "عه‌لی مه‌ردان" ئاهه‌نگی بۆ دانا. ئه‌و "ئامینه‌یه" ‌ش فۆلکلۆر نی‌یه و کاری سه‌یه محه‌مه‌دی سه‌فایی‌یه. به‌ هه‌ر شێوه ڕه‌ییسی ئه‌و به‌شه، قه‌بوڵی نه‌کرد.
کورد گوته‌نی، ده‌ست له گ... به‌ره‌وژێرتر هاتینه ده‌رێ. وتم :"تا ئێستا وه‌مده‌زانی له ژه‌نیاری و گۆرانی دا مامۆستای، نه‌مزانی رۆمانی مێژوییش ساز ده‌که‌ی." وتی :" به‌داخه‌وه نه‌یانهێشت و ده‌بێ هه‌ر به "عه‌زیزم" بخوێندرێ. گوتم:"کابرا ناحه‌قی نی‌یه. ترسا جارێکی تر گۆرانی کاک عومه‌ر دزه‌یی ببه‌ی و بڵێی " ئامینێ و عایشه گوڵ و فاتم و ڕه‌عنا بۆ کوردان پیرۆزن!!!!"