KOORD
 

زاخاوی مێشک

 
 


ئه‌وه‌ش هه‌ر له نه‌قڵه‌کانی کاک شه‌فیق شێخ محه‌ممه‌دیه. ده‌گێڕێته‌وه:
شه‌ریف گابه‌گا، کرێگرته‌یه‌کی گوروهبانی ده‌بێ.زه‌مانی شا، ئه‌رته‌ش ده‌سه‌ڵاتی یه‌کجار زۆری هه‌بو. ئه‌و کرێ گرته‌یه‌ش شه‌ش مانگ بو قرانێکی کرێ خانو نه‌دابو. چه‌ند جار پێی ده‌ڵێ تاکو بۆی چۆل کا به‌ڵام گوێی نه‌ده‌دایه. به‌یانیه‌ک کاک شه‌ریف ده‌چێته بازار و که‌نکه‌نه‌چییێک (ئه‌و که‌سانه‌ی چاڵاو خاوێن ده‌که‌نه‌وه) ده‌گه‌ڵ خۆی دێنێ. به ده‌نگی به‌رز ده‌ڵێ:"هه‌ڵیگره ڕه‌سوڵ! سه‌ری چاڵاوه‌که‌م بۆ لابه ده‌ی، زو، هه‌ڵیگره ده‌یی".  وا هه‌وار ده‌کا تاکو کرێگرته‌که گوێی لێ بێ. ژنی گروهبان دێته سه‌ر په‌نجه‌ره و ده‌ڵێ ئه‌وه چ باسه؟ کاک شه‌ریف ده‌ڵێ: "ئێمه ڕه‌سممانه ساڵێ جارێک له چاڵاوه‌که‌مان ده‌ڕین بۆ ئه‌وه‌ی ئاوه‌که تامی خۆش بێ". له پێش چاوی خانمیش ئه‌و ڕه‌سمه به‌ڕێوه ده‌با!!!. سه‌ری چاڵاو داده‌ندێته‌وه و ده‌ڕوا.
نیوه‌ڕۆ گروهبان دێته‌وه و ژنه ده‌ڵێ "یه‌ک ساعه‌تی دیکه له‌و ماڵه دا نامێنمه‌وه. شه‌ش مانگه لێره ده‌ژین و له ئاوی ئه‌و چاڵاوه‌مان خواردۆته‌وه". خوا وه‌تحه‌سێنێ هه‌ر ئه‌و ڕۆژه ماڵیان بۆ چۆل کرد.