KOORD
 

زاخاوی مێشک

 
 


له سه‌ره‌تای هه‌شتاکاندا، مه‌فره‌زه‌یه‌کی حزبی شیوعی عێراق، به هه‌زار ده‌رد و ناڵی عه‌لی، خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه گوندی مه‌رگه‌ی بناری ئاسۆس.
له‌وێ به هۆی چه‌ند دۆستێکیانه‌وه، بیست- سی که‌سێک له مزگه‌وتی ئه‌و گونده خڕ ده‌که‌نه‌وه. له‌ناو ئه‌و خه‌ڵکه‌دا پیره‌مێردێکی ڕوح سوک و قسه‌خۆشیش ئاماده ده‌بێ. کاکی (مه‌سئول) ده‌ست ده‌کا به شیکردنه‌وه‌ی ڕێبازی لێنین و مارکس و .....و...
پاش ته‌واو بونی ئه‌و هه‌مو قسانه، ده‌ست ده‌که‌ن به دابه‌ش کردنی نوقل و چوکلیات به سه‌ر خه‌ڵکه‌که‌دا. ئه‌مجار خواحافیزی له خه‌ڵکه‌که ده‌خوازن و یه‌ک یه‌ک له مزگه‌وته‌که ده‌رده‌که‌ون. به‌ڵام پێش ئه‌و‌‌ی ده‌ست بکه‌ن به چونه ده‌ره‌وه، ئه‌و پیره‌مێرده ده‌ڵێ:"ئه‌رێ خه‌ڵکینه ئیجازه هه‌یه پرسیارێک بکه‌م؟". ده‌ڵێن:"فه‌رمو".
پیره‌مێرد ڕو له ئامیر مه‌فره‌زه‌که ده‌کات و لێی ده‌پرسێ:"ئه‌رێ بۆ ئه‌و نوقڵ و چوکلیاته‌تان به‌شی‌یه‌وه؟"
ئه‌ویش له وه‌ڵامدا پێی ده‌ڵێ:"به بۆنه‌ی ئه‌وه‌وه که دوای په‌نجا و پێنج ساڵ له خه‌بات توانیمان بگه‌ینه ئێره".
پیره‌مێرده‌که‌ش ده‌ڵێ:"ده به‌خوا کاکی خۆم به په‌نجا و پێنج ساڵ خه‌بات گه‌یشتنه گوندی مه‌رگه، به  550 ساڵی تر ناگه‌نه به‌غدا و چیتریش ئه‌و هه‌مو نوقڵ و چوکولیاتانه خه‌سار مه‌که‌ن!!"

له لایه‌ن : کاک دیاکۆ خالید