KOORD
 

زاخاوی مێشک

 
 


مامۆستا هه‌ژار نوسیویه:
"سه‌رده‌می عه‌بدولکه‌ریم قاسم، رادیۆ خه‌به‌ری دا بارزانی و هه‌واڵانی (له سۆڤیه‌ته‌وه) دێنه‌وه عێراق....لام وایه بیست هه‌زار که‌س پتر له فڕگه‌ی به‌غدا هاتبونه پێشوازی. عه‌ره‌ب و کورد تێکه‌ڵاو، شیعار گوێی عاسمانی که‌ڕ ده‌کرد. هه‌ر کوردێکی به جلی کوردیه‌وه بوایه، له سه‌ر شانان داده‌نرا و شیعاری برایه‌تی کورد و عه‌ره‌ب ده‌درا. گوتیان کوردێک که له‌سه‌ر شانان داندراوه، دزێک کڵاشه‌کانی دزیوه. کورده هاواری کردوه :"کڵاشه‌که‌م!"، حه‌شامه‌ت لێکرا گوتویانه "کڵاشه‌که‌م! کڵاشه‌که‌م!"، لایان وابوه ئه‌مه‌ش شیعارێکه به زمانی کوردی!"
لێره‌دا ئاماژه به‌وه‌ش بکه‌م هێندێک لایه‌ن شوعار ده‌ده‌ن و خه‌ڵکیش بێ لێکدانه‌وه ده‌یڵێنه‌وه. ئێستاکه زۆرتر له بیست و هه‌وت ساڵ له شۆڕشی گه‌لانی ئێران تێپه‌ڕ بووه، یه‌کێ له دروشمه‌کان ئه‌و سه‌رده‌م ئه‌وه  بو:"داس و چه‌کوش سه‌رنێزه مه‌حکوم ده‌کا". له‌م ماوه‌یه دا که زانستی سیاسی و ئاگاداری خه‌ڵک زۆر زۆرتر بووه، له یه‌کێکم پرسی:" ئه‌رێ برا ئه‌و دروشمه‌ت زۆر ده‌گوت، ئێستا ده‌زانی مانای چی‌یه؟" هێندێک تێ فکری و وتی:"ناوه‌الله، قه‌ت بۆم نه‌بۆته پرسیار تاکو ماناکه‌ی بزانم."