KOORD
 

زاخاوی مێشک

 
 


مامۆستا هه‌ژار به ناوی عه‌زیز، له به‌غدا له لای کابرایه‌کی مه‌سیحی کاری ده‌کرد. ده‌گێڕێته‌وه:
ده‌گه‌ڵ وه‌ستاکه‌م پۆرتۆیان، جار جار باسم له هێندێک خرافاتی مه‌زهه‌بی ده‌کرد. که‌شه‌ی هه‌رمه‌نی که پیاوێکی سی ساڵه‌ی ڕیش دوفلیقانه بو، هه‌ر گا ده‌هات ده‌یدواندم. پۆرتۆیان ڕۆژێ گوتی : ئه‌بونا(باوکمان)! ده‌گه‌ڵ عه‌زیز مه‌دوێ با کافرت نه‌کا!

-         
شتی وا بۆ ده‌ڵێی؟ زۆر کوڕێکی باشه. ئه‌وه بۆ وات پێ ده‌ڵێ؟
-         
ئه‌بونا تۆ شوکور جوان و به هێز و توانی، ئه‌گه‌ر چل مریشکت له‌و ده‌شته بۆ به‌رهه‌ڵدا که‌م و بڵێم بیان گره بۆ خۆت، چه‌ندت بۆ ده‌گیرێن؟
-         
خۆم بپسێنم ده‌م بۆ ناگیرێ.
-         
ئه‌دی ئه‌گه‌ر بڵێن پیاوێک به ته‌نیا سێ‌سه‌د ڕێوی له ده‌شت گرت، کلکی هه‌ر دوانی پێکه‌وه گرێ‌دا، شاپڵیته‌ی لێ قایم کردن و گه‌نمی دوژمنانی پێ سوتاندن، ده‌فه‌رموی چی؟!
-         
ده‌ڵێم ئه‌وه درۆیه‌کی ئاپریله.
-         
ده‌سا ئه‌وه له کتێبی موقه‌دده‌س دا ده‌رباره‌ی سامسۆن نوسراوه!
-         
زۆرم کیتابی موقه‌دده‌س خوێندۆته‌وه، به‌ڵام هه‌رگیز فکرم له‌و درۆ زله نه‌کردۆته‌وه!
پۆرتۆیان گوتی: نه‌مگوت کافرت ده‌کا؟!
- پیا! ئه‌گه‌ر ئیمان باوه‌ڕ کردن به درۆی وا شاخدار بێ، با هه‌ر نه‌بێ!