KOORD
 

زاخاوی مێشک

 
 


سه‌ره‌تاکانی هاتنم بۆ ئه‌م وڵاته، منی تینوی ڕاگه‌یاندنی ئازاد، به‌رنامه‌یه‌کی ڕادیۆییم ساز کرد و ساڵ و
 نیوێک خه‌ریکی ئه‌و ڕادیۆ کوردیه بوم. له به‌رنامه نوسین تا خوێندنه‌وه و کاری تێکنیکیه‌که‌ی هه‌ر خۆم بوم. ڕۆژێک به ئوتوبوس له ڕادیۆوه بۆ شوێنێکی تر ده‌ڕۆیشتم. پیاوێکم دیت به دیمه‌ن کوردبو، له لای ئه‌و دانیشتم و دیتم بۆچونه‌که‌م هه‌ڵه نه‌بووه. کورد بو. دوای چاک و چۆنی پرسیاری کرد که خه‌ریکی چیم، منیش وتم کاری ڕادیۆی کوردی به‌ڕێوه ده‌به‌م
. ئه‌ویش به شان و باڵی ڕادیۆ و به‌رنامه‌کانی دا هات و زۆری باسی ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌رکی نه‌ته‌وه‌یی و خزمه‌ت له‌و ڕادیۆیه کرد. منیش فیکه‌ی سمێڵم ده‌هات و که‌یفم ساز بو.
پرسیارم کرد: " کام به‌ش له به‌رنامه‌کانی ڕادیۆت به دڵه و ڕه‌خنه‌ت له کام به‌شیه‌تی؟"
وتی :" به‌رنامه‌کان هه‌موی باشن، به‌ڵام ماوه‌ی به‌رنامه‌ی مناڵان که‌مه!!!"
وتم :"ببوره کام به‌ش؟"
وتی :" به‌رنامه‌ی منداڵان"
وه‌ک ئه‌وه بو ئاوێکی ساردم پێدا بکه‌ن، چونکو به‌رنامه‌ی منداڵانم هه‌ر له سه‌ره‌تاوه نه‌بو. سپاسم کرد و به‌ڵام به ڕوی خۆم نه‌هێنا.