KOORD
 

زاخاوی مێشک

 
 


کابرایه‌کی درۆزن له ناو کۆڕێکدا دانیشتبو و هه‌ر کامه باسی ڕاو و به‌سه‌رهاتی جۆراو جۆری خۆیان ئه‌کرد.کابراش ده‌ستی کرد به گێڕانه‌وه‌ی ڕاوه ئاسکێک له ناو دارستانێکدا.
وتی : هه‌ر هاتم ئاسکه بئه‌نگێوم، ئاسک هه‌ڵات و سه‌یرم کرد شێرێک له پشت سه‌رمه‌وه دێت.
قسه‌که زۆر سه‌یر بو  و جه‌ماعه‌تیش به تاسه‌وه ئه‌یانوت : ده‌ی ، دوایی؟
کابراش به‌رده‌وام بو و وتی : داڕێکی گه‌وره له لام بو، له داره‌که هه‌ڵرۆسکام و وه‌سه‌ر که‌وتم و له ناکاو تفه‌نگه‌که‌شم لێ به‌ر بۆوه.
خه‌ڵکیش وتیان : ده‌ی، دوایی؟
کابراش گه‌رم داهات و وتی : له سه‌ر داره‌که بوم ده‌نگێکم له ژور سه‌رمه‌وه بیست.
خه‌ڵکیش وتیان : ده‌ی، دوایی؟
ئه‌ویش وتی : دیتم پڵینگێکیش له سه‌ره‌وه بۆ لام دێ.
جه‌ماعه‌ت پرسیان: ئه‌ی دوایی؟
کابراش قسه‌که‌ی بۆ کۆ نه‌ده‌کرایه‌وه و وتی : جا هیچ. خورام!!
دانیشتوان وتیان : کوڕه پیاوی چاک به .ئه‌ی ئه‌وه نی‌یه لێره دانیشتویی. کواخوراوی؟ ئه‌وه‌نی‌یه زیندوی؟
کابراش وتی : جا توخوا به‌وه ده‌ڵێن زیندو بون؟ کوا ئه‌مه ژیانه؟ نه رۆن وه‌گیر ده‌که‌وێ، نه برینج له کڕین دێ، نه ڕه‌نگی گۆشت و مریشک ده‌بینین؟!!!