KOORD
 

زاخاوی مێشک

 
 


له قسه‌ی گوێ ئاگردانی کوردانه‌یه ئه‌ڵێ :
خوا ئینسان و سه‌گ و که‌ر و مه‌یمونی کۆ کردنه‌وه وتی عومرتان ده‌ده‌مێ یه‌کی چه‌ندتان ئه‌وێ؟ وتیان بینایی چاوان! که‌یف خۆته چه‌ندمان ئه‌ده‌یتێ به‌زیاد بێ.
ڕوی کرده ئینسان فه‌رموی سی ساڵ باشه؟ عه‌رزی کرد که‌یف خۆته به‌زیاد بێ.
ڕوی کرده سه‌گ وتی بۆ تۆش سی ساڵ به‌سه؟ عه‌رزی کرد : سی ساڵ بۆ من زۆره . له توانامه نییه سی ساڵ پاس و حه‌په حه‌په بکه‌م. ده‌ساڵم به‌سه. خوا ڕوی کرده ئه‌وانی تر فه‌رموی کێ بیست ساڵه‌که‌ی تری هه‌ڵئه‌گرێ؟ ئینسان ده‌ستی به سینگی ناو وتی من.!!
ئینجا ڕوی کرده که‌ر و فه‌رموی تۆش سی ساڵت به‌سه؟ عه‌رزی کرد بینایی چاوان! من له کوێ توانای ئه‌وه‌م هه‌یه سی ساڵ پشتم له ژێر بارا بێت؟ منیش ده ساڵم به‌سه. ڕوی کرده ئه‌وانیتر فه‌رموی کێتان بیست ساڵه‌که‌یتان ئه‌وێ؟ هه‌ر گورج ئینسان هاته زمان و وتی بینایی چاوان ! خۆم.!!!
پاش ئه‌وه ڕوی کرده مه‌یمون و فه‌رموی : ئه‌ی تۆ سی ساڵت به‌س نی‌یه؟ عه‌رزی کرد : بینایی چاوان سه‌ر و فساڵێکی زۆر جوانت نه‌داومه‌تێ تا دڵم به خۆم خۆش بێ، هه‌رکه چاوی پێم ئه‌که‌وێ پێم ئه‌که‌نێ، که واته هه‌ر ده ساڵ ئه‌توانم ببم به رشخه‌نگای مه‌ردم!! به‌زیاد بێ له‌وه زیاترم ناوێ.
ئه‌مجا به‌بێ ئه‌وه‌ی له ئاده‌میزاد بپرسێ یا نه‌پرسێ، هه‌ر خێرا ئینسان هاته قسه و عه‌رزی کرد : بیست ساڵه‌ زیاده‌که‌ی ئه‌ویش هه‌ر بده به من!!!
به‌م جۆره ئاده‌میزاد نه‌وه‌دساڵی عومری په‌یدا کرد. به‌ڵام چۆن نه‌وه‌د ساڵێک؟؟؟
سی ساڵی هی خۆی بو، له‌و سی ساڵه‌دا وه‌ک نوستو وایه.
له سی تا په‌نجا، هه‌ر خه‌ریکی هه‌ڵپه کردنه‌و به‌م لاو به‌ولا په‌لامار بۆ شت په‌یداکردن و بۆ پاس کردن.!!!
له په‌نجا تا حه‌فتا وای لێ دێ ئه‌بێ به ژێر باری ماڵ و مناڵ و ئه‌رکی به‌ڕێوه بردنی ئه‌وانه.!!
له حه‌فتا تا نه‌وه‌د، له‌ش و لاری تێک ئه‌چێ و ده‌م چاوی چرچ  و لۆچی تێ ئه‌که‌وێ و پشتی کۆم ئه‌بێته‌وه‌و هیچی به سه‌ر هیچه‌وه نامێنێ.
ئێستا خۆت هه‌ڵی سه‌نگێنه له کام به‌شی عومر دای؟؟